ئەمڕۆ 19ـی ئایار، 34 ساڵ بەسەر یەکەمین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت؛ ئەو وێستگە مێژووییەی کە گەلی کوردستانی لە "شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە" گواستەوە بۆ "شەرعییەتی دامەزراوەیی"، بەڵام ئەم یادە لە کاتێکدایە کە باڵەخانەی پەرلەمان بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە چۆڵ و هۆڵە و هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی قووڵی شەرعییەتی یاساداناندایە.
پەرلەمانی کوردستان کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا شەش خولی جیاوازی تێپەڕاندووە، لە وێستگە گرنگەکانی وەک چەسپاندنی فیدراڵی، یەکگرتنەوەی ئیدارەکان و دەرکردنی یاساکانی قەوارەی هەرێمدا چەتری سەرەکی بووە، کەچی ئێستا لە خولی شەشەمدا (2024) و پاش تێپەڕینی زیاتر لە 18 مانگ بەسەر پەککەوتنیدا، تەنیا لە قۆناغی سوێندخواردنی یاساییدا ماوەتەوە و نەیتوانیوە تەنانەت دەستەی سەرۆکایەتییەکەشی هەڵبژێرێت.
مێژووی ئەم دامەزراوەیە پڕە لە هەوراز و نشێو؛ لە خولی یەکەم (1992) کە بەردی بناغەی دیموکراسی بوو، تاوەکو سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی کارا لە 2009 و ململانێ توندەکانی ساڵی 2013، بەڵام هەمیشە سێبەری "مەکتەبە سیاسییەکان" لەسەر هۆڵی پەرلەمان قورستر بووە لە ئیرادەی پەرلەمانتاران، ئەمەش وایکردووە بڕیارە چارەنووسسازەکان لە دەرەوەی دامەزراوەکە یەکلا بکرێنەوە و شکۆی پەرلەمان ڕووبەڕووی درز و بێمتمانەیی ببێتەوە.
لە کاتێکدا چاودێران هۆشداری لە بەردەوامیی ئەم بۆشاییە یاساییە دەدەن، تەنیا ڕێگەی دەربازبوون لەم "ئیفلیجییە ئەمنییە" بۆ ڕێککەوتنی خێرای لایەنە براوەکان دەگەڕێتەوە، تاوەکو ئەم یادە مێژووییە لەبری تەنها ناوێکی بێناوەڕۆک، ببێتە هەوێنێک بۆ گێڕانەوەی ژیان بۆ ئەو هۆڵەی کە بڕیار بوو سەکۆی ڕاستەقینەی ئیرادەی خەڵک بێت