محەمەد حەمەد ئەمین، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند کە پارتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆ دەبنەوە، ئەمەش لە کاتێکدا فشارەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت ڕوو لە زیادبوون دەکەن.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتەبێژی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە لە پاش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤، پێویستە لە پێش هەموو شتێکەوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و دەست بە ڕێکارە یاساییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی زەمینەسازی بۆ لووتکەی سەرکردایەتیی پارتەکان بکەن.
سەبارەت بە ئەنجامی کۆبوونەوەکان، محەمەد داوای کرد پێشوەختە قسە لەسەر ئەنجامەکان نەکرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە گفتوگۆ تەنها ڕێگەی چارەسەرە.