پڕۆژەی ڕووناکی ڕێوشوێن و چۆنیەتیی گەڕاندنەوەی قەرزی کۆنی کارەبای بۆ ئەو هاوبەشانە ڕاگەیاند کە لە داشکاندنی ناوازەی پێشوودا سوودمەند نەبوون، و ئاماژە بەوە دەکات کە قەرزەکانیان بەپێی چەند پۆلێنێک دەکرێتە قیستی مانگانە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی پڕۆژەی ڕووناکی، ئەو هاوبەشانەی بەشدارییان لە داشکاندنە ناوازەکەی تاوەکو 50٪ نەکردووە، قەرزی کۆنیان بەبێ هیچ داشکاندنێک دەکرێتە قیستی مانگانە و دەخرێتە سەر پسوولەی کارەباکەیان تاوەکو ماوەی 24 مانگ. یەکەم قیستیش دەخرێتە سەر پسوولەی خولی مانگی 9 کە لە مانگی 10دا دەردەچێت و پێویستە لەگەڵ پسوولەی مانگانەدا لە ماوەی 50 ڕۆژدا بدرێتەوە.
ماوە و بڕی قیستەکان بەم شێوەیە دەبێت:
قەرزی ماڵان و کشتوکاڵ: تاوەکو 24 مانگ، کەمترین قیست 20,000 دینارە.
بازرگانیی بچووک: تاوەکو 12 مانگ، کەمترین قیست 20,000 دینارە.
بازرگانی و پیشەسازیی گەورە: تاوەکو 6 مانگ، کەمترین قیست 200,000 دینارە.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە پێشتر نزیکەی 800,000 هاوبەش لە داشکاندنی 50٪ سوودمەند بوون، و بەوەش زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەشی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمدا قەرزیان لەسەر نەماوە، هەروەها حکومەتی هەرێم تا ئێستا 360 ملیار دینار لێخۆشبوونی کردووە و لە ئێستادا زیاتر لە 90٪ـی هاووڵاتییانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە.