وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە لەمڕۆوە پڕۆسەی داشکاندنی قەرزی کۆنی کارەبا دەستی پێکردووە و تا ١٠ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت. ئەم داشکاندنە تەنها قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی پڕۆژەی ڕووناکی ناگرێتەوە.
ڕێژەی داشکاندن بۆ هاوبەشان
داشکاندنەکە بەم شێوەیە دابەش کراوە:
تاوەکو ٥٠٪ داشکاندن: بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.
٢٥٪ داشکاندن: بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری (جگە لەو هاوبەشانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە).
دوافرسەت: وەزارەتی کارەبا جەختی کردەوە کە ئەم داشکاندنە بۆ دوایین جارە لەسەر قەرزی کۆنی کارەبا ئەنجام دەدرێت.
مەرجەکانی پێدان و شێوازی پارەدان
بۆ سوودمەندبوون لەم داشکاندنە، هاوبەشان دەبێت تەواوی بڕی ماوەی قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی بەیەکجار بدەنەوە. پڕۆسەی پارەدانەکەش تەنها لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (ئی-پسوولە) و بنکەکانی وەرگرتنی پارەی کارەباوە دەبێت، و نادرێت بە کارمەندانی کۆکەرەوەی پارەی پسوولەی کارەبا.