ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلولی 2026، بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و لیلی عمر علی، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی و نوێنەرانی فەرمانگەکان، پڕۆسەی تیروپشک بۆ دابەشکردنی 4 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە پێگەکانی (1 و 3)ـی داربەڕوولە و (20) بەردەکەڕ تەنیشت شاری لاوان بەڕێوەچوو.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە بەشێوازێکی ئەلیکترۆنی و بەپێی لیستی فەرمانگەکان ئەنجام دراوە، و لە ماوەی ڕابردووشدا بە چەند قۆناغێک 23 هەزار پارچە زەوی دیکە لە سێکتەرەکانی فەرمانبەران، لاوان و سۆتکە دابەش کراون.
جەختیش کرایەوە کە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرجەم فەرمانبەران بەپێی لیستی فەرمانگە حکومییەکان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن.