هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) و سەرکردایەتیی پارتەکە، لە 13یەمین ساڵیادی خۆپێشاندانەکانی پارکی گەزیدا، چەند پەیامێکیان بڵاو کردەوە و تێیدا جەختیان لەسەر بەدیهاتنی دیموکراتی، ئازادی، دادپەروەری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی کردەوە.
تونجەر باکرهان و تولای هاتیۆمۆغوڵاری هاوسەرۆکانی گشتیی دەم پارتی، لە ڕێگەی هەژمارە فەرمییەکانیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاند، خۆپێشاندانەکانی گەزی هێمای خواستی گەلانە بۆ دیموکراتی، ئازادی و یەکسانی.
تونجەر باکرهان ڕایگەیاند: "گەزی، ناڕەزایەتییەکی دیموکراتیانە بوو دژ بە نادادی، ستەم و سەپاندن، ئەزموونێکی گرنگ بوو کە تێیدا ڕۆحی فرەخوازیی ئەم خاکە بە ڕوونی دەرکەوت". ئاماژەی بەوەش کرد، ڕۆحی گەزی ئەمڕۆش لە ناو خەباتی ژینگەپارێزی، ڕەنج، ئاشتی و دادپەروەریدا زیندووە و بەڵێنی دا کە بە پێداگرییەوە بەردەوام بن لە خەباتی دیموکراتی، هاوكات باسی لەوەش کرد کە بە ڕێز و پێزانینەوە یاد و ناوی ئەو کەسانە دەکەنەوە کە لەو پێناوەدا گیانیان لەدەست دا.
لەلایەکی دیکەوە، تولای هاتیۆمۆغوڵاری هاوسەرۆکی دەم پارتی، تیشکی خستە سەر ڕەهەندە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو قۆناغە و ڕایگەیاند: "لە 13یەمین ساڵیادیدا، بوێری، هیوا و خەونی ژیانی یەکسانی گەزی هێشتا ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە. گەزی ئیرادەی ملیۆنان کەس و ویژدانی بێدەنگنەبووی ئەم وڵاتە بوو، بەهێزترین بەرگریی هاوبەش بوو کە دژی تاریکی دروست بوو".
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی کردەوە، گەزی لە ڕێگەی بڕیارەکانی دەزگای دادوەری و سەپاندنی سزاکانەوە مەحکوم ناکرێت و داوای کرد، سەرجەم دەستبەسەرکراوانی دۆسیەی گەزی بەپەلە ئازاد بکرێن.
هاوکات، دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد، بونیادنانی دیموکراسییەکی ڕاستەقینە و دادپەروەری لە تورکیادا تەنیا لە ڕێگەی زیندووکردنەوەی ئەو ڕۆحە فرەخواز و ئازادیخوازەی گەزییەوە بەدی دێت.