دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕایگەیاند، تۆم باراک، باڵیۆزی ئێستای ئەمریکا لە تورکیا وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ هەریەک لە عێراق و سووریا دەستنیشان کردووە. ترەمپ هاوکات ستایشی کارەکانی ناوبراوی کرد و جەختی لەوە کردەوە، تۆم باراک لە پۆستی باڵیۆزی خۆی لە ئەنقەرەش بەردەوام دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ترووس سۆشیاڵ' لەبارەی ئەم بڕیارە نوێیەوە ڕایگەیاند، دەستنیشانکردنی تۆم باراک بۆ ئەم ئەرکە لە کاتێکدایە، واشنتن هاوکارییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ حکومەتەکانی سووریا و عێراق پێش دەخات و پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا بەردەوامە لە گەشەکردن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، تۆم باراک بە پشتیوانیی تەواوی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کارەکانی ئەنجام دەدات و ئەرکی نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سووریا بەڕێوەدەبات، هاوکات لە پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیاش دەمێنێتەوە.
ترەمپ لە بڵاوکراوەکەیدا ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی ناوبراو دەربڕی و نووسیویەتی: "ئێمە زۆر پێزانینمان بۆ ئەو کارە هەیە کە تۆم باراک کردوویەتی و ئامادەیی بەردەوامی بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان بەرز دەنرخێنین."