سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران دەکات لە ڕێگەی گەیشتن بە ڕێککەوتنانێکەوە، کە بەرژەوەندیی سەرجەم لایەنەکان لەبەرچاو بگرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی "مێهر" کە لە سەرچاوەی "ڕووسیا ئەلیۆم"ەوە گواستوویەتییەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان گوتویەتی: "پێویستە جەنگی ئێران لە ڕێگەی ئامادەکردنی ڕێککەوتننامەگەلێکەوە، کە ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییەکانی هەموو لایەنەکان بێت، ڕابگیرێت".
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێمە خاوەنی هەڵوێستێکی هاوبەشین سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی پەیوەندیدار بە ئێران، گەرووی هورمز و بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دۆخی ناوچەی کەنداوی عەرەبی".
سێرگی لاڤرۆڤ ڕایگەیاندووە: "ئێمە پێمان وایە دەبێت ئەم ململانێیە ڕابگیرێت و بەرژەوەندیی هەموان لەبەرچاو بگیرێت، نەک تەنها بەرژەوەندیی ئێران، ئەمریکا و دراوسێکانی، بەڵکو تەواوی ئەو لایەنانەی بە شێوازێک لە شێوازەکان کاریگەریی نەرێنیی ململانێکانی ئێستای سەر ئابووریی جیهانییان بەرکەوتووە".