ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی توند لە سەرهەڵدانەوەی مەترسییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەدات و ڕایدەگەیەنێت، چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە هێشتا هەڕەشەیەکی جدین لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی نێودەوڵەتی.
جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئاماژەی بەوە کرد، ڕێکخراوی داعش، بە سوودوەرگرتن لە ئاڵۆزیی ناوچەکە و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان، لە چەندین ناوچەی جیاوازی جیهاندا خۆی ڕێکخستووەتەوە و چالاکییەکانی فراوانتر کردووە، بە تایبەت لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان مەترسییەکانی ڕەوشی سوریای خستە ڕوو و رایگەیاند، داخرانی کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان/سوریا، کە هەزاران چەکدار و خێزانی داعشی تێدا دەستبەسەر کرا بوو، نیگەرانی و مەترسیی گەورەی ئەمنی دروست کردووە، بەو پێیەی لە ئێستادا چارەنووسی هەزاران کەس لەو دەستبەسەرکراوانە نادیارە.
جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، بەرەنگاربوونەوەی ڕێشەیی ئەم مەترسییە و ڕێگریکردن لە بەهێزبوونەوەی بەدەست هاتووی داعش، ئەرکێکی بەپەلەیە و پێویستی بە هاوکاری، هەماهەنگی و هاوبەشیی بەکۆمەڵی هەموو وڵاتانی جیهان هەیە.