وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، نوێترین ئامارەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بڵاوکردەوە و دەڵێ، لە ئەنجامی چڕکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکان، توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە هەزار و بەلەم و بزوێنەردا بگرن، کە بۆ پەڕینەوەی نایاسایی بەکارهێنراون.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی کۆچی نایاسایی لە سنوورەکان ئەنجامی بەرچاوی هەبووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تاوەکو ئێستا دەیان هەزار هەوڵی پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزەوە پووچەڵ کراونەتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانی حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە گەشتە مەترسیدارە دەریاییەکان.
جەخت لەوەش کراوەتەوە، تەنیا ڕێگری لە بەلەمەکان نەکراوە، بەڵکو دەستیان گەیشتووەتە سەرچاوەی تاوانەکان و سەدان تۆمەتباری سەر بە باندە ڕێکخراوەکانی قاچاخچێتیی مرۆییان دەستگیر کردووە. ئامانج لەم هەنگاوەش هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە نایاساییانەیە کە بازرگانی بە ژیانی کۆچبەرانەوە دەکەن.