عەبدوڵا گوڵەر، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە پەرلەمانی تورکیا، دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی کارە ئیدارییەکاندا، لەمەودوا ڕۆژنامەنوسان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان دەتوانن سەردانی زیندانی ئیمڕاڵی بکەن و دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی سەرەکییان بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوامە، نەک تەنیا لە ناوخۆی تورکیا بەڵکو لە سەرجەم ناوچەکەدا و گوتی: "نابێت چیتر دەنگی چەک، شەڕ و پێکدادان لەسەر ئەم خاکە ببیسترێت".
عەبدوڵا گوڵەر ڕوونی کردەوە، یاسا لەسەر بنەمای ڕاستییە تەکنیکی و مادە یاساییەکان دادەڕێژرێت، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەگەر پێویست بکات، لە چوارچێوەی کارەکانی لیژنە پەرلەمانییەکەدا، ئەو چاوەڕوانی و دۆخە جیاوازانەی دێنە ئاراوە دەبنە تەوەری بەدواداچوونی لیژنەکە و پەرلەمانی تورکیایش بە شێوەیەکی کارا پاڵپشتی و گۆڕانکارییە یاسایییە پێویستەکان پێشکەش دەکات".