پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ڕایگەیاند، پارتەکەی دەچێتە قۆناخێکی نوێوە و لە ڕێگەی کۆنگرەیەکی تایبەتەوە لە چەند مانگی داهاتوودا "بزووتنەوەی کۆماری دیموکراسی" دروست دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، کۆنگرەی ئاسایی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. پەروین بوڵدان دوای بەشداریکردن لە پرۆسەی دەنگدان لە کۆنگرەکەدا، جەختی لەسەر پێویستیی بەپەلەی تورکیا بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەنگاوەکانی ئەم پرۆسەیە دەستیان پێکردووە.
بوڵدان هۆشداری دا لەوەی پێویستە قۆناخە نوێیەکان بە بێ قەیران و ئاستەنگ بەڕێوە بچن، تاوەکو ئەو ئاشتییەی کۆمەڵگە شایستەیەتی بەدەست بێت.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی دەم پارتی بۆ خۆڕێکخستنەوەی سیاسی و گۆڕینی ستراتیژیەتی کارکردنی، بە جۆرێک ڕاگەیاندنی پرۆژەی (بزووتنەوەی کۆماری دیموکراسی) هەوڵێکی ستراتیژییە بۆ کۆکردنەوەی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە دەوری چەمکی ئاشتی و مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان لە تورکیا.
بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا، دەم پارتی لە ڕێگەی کۆنگرەیەکی فراوانترەوە گۆڕانکاریی ریشەیی لە ناو، پێکهاتە و پەیڕەوی نێوخۆی پارتەکەیدا بکات، بە ئامانجی خۆگونجاندن لەگەڵ قۆناخی نوێی کارکردنی بزووتنەوەکە.