کەماڵ کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هۆشداریی توند دەدات لە دروستبوونی ناوچەگەری و باڵباڵێن لە نێو پارتەکەیدا و ڕایدەگەیەنێت، کە دابەشبوونی جەهەپە بەسەر دوو بەرەدا و دامەزراندنی قەوارەیەکی نوێ، ڕاستەوخۆ لە خزمەت و بەرژەوەندیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا دەبێت.
هاوکات کەیسی زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش بە بڕیارێکی سیاسی ناوزەد دەکات.
سەبارەت بەو ئاڵۆزییە ناوخۆییانەی کە بەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایان گرتووە و دەنگۆی دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانیی پێشووی ئستەنبوڵ، کڵچدارئۆغڵو ڕایگەیاند: "هیچ بڕیارێک یان پلانێکمان بۆ دەرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ لە ئارادا نییە. ئێمە چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی بڕیاری کۆتایی دادگا دەکەین لەسەر دۆسیەکەی".
جەختیشی کردەوە، سەرکردایەتیی پارتەکە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات درز و دووبەرەکی لە نێوان ڕیزەکانی جەهەپەدا دروست ببێت و پێگەی پارتەکە لاواز بکات.
سەرۆکی جەهەپە ئاوڕی لە دۆسیەی هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، بەڵکو تەنیا فشارێکی سیاسییە. کڵچدارئۆغڵو گوتی: "حکومەت مافی خۆیەتی دادگایی بکات، بەڵام ڕاگرتن و هێشتنەوەی ناوبراو لە پشت شیشەکانی زینداندا نادادپەروەرییەکی ڕوونە".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، لە 21ی گوڵانی ڕابردوودا، دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەنقەرە بڕیاری پوچەڵکردنەوەی ڕەهای بۆ بڕیارەکانی کۆنگرەی 38ەمینی جەهەپە ڕەتکردەوە.