پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە فەرمی ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی گشتیی ئەنجوومەنی پارتەکەی بڵاوکردەوە، کە لە ڕۆژانی 11-12ـی تەممووزی 2026 لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەچوو.
لە ئەنجامنامەکەدا جەخت لەسەر دیموکراتیزەکردنی تورکیا، داڕشتنی یاسایەکی چوارچێوەیی گشتگیر بۆ ئاشتی و کێشانەوەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان کراوەتەوە.
لە سەرەتای ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە, کە ڕێگەی گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی تەنیا لە ڕێگەی دیموکراتیزەکردنی تورکیاوە دەبێت، کە ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی ڕوون و بوێرانە هەیە. دەم پارتی تیشک دەخاتە سەر مێژووی ئەم دواییە و دەڵێت: "دوای بڕیارەکەی پەکەکە بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری و کۆتایهێنان بە کاروچالاکییەکانی، مەراسیمی سووتاندنی چەکەکان کە لە 11ی تەممووزی 2025دا لەلایەن گرووپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە بەڕێوەچوو، بوو بە نیشاندانێکی سیمبولیی بەهێز بۆ قبوڵکردنی سیاسەتی دیموکراتیک. ئەم هەنگاوە هیوایەکی بەهێزی بۆ ئاشتی خوڵقاند".
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە بنیاتنانی ئاشتی نەک تەنها بە ڕاگرتنی شەڕ، بەڵکو بە دامەزراندنی سیستەمێکی یاسایی دیموکراتیکیش دەبێت. دەم پارتی ڕەخنە لەوە دەگرێت، کە سەرەڕای ئەوەی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا پێویستیی بە یاساکردنی ئەم پرۆسەیەی دەستنیشان کردووە، بەڵام چەندین مانگ تێپەڕیوە و هێشتا هیچ یاسایەکی چوارچێوەیی لەلایەن حکومەتەوە ئامادە نەکراوە و ڕێوشوێنەکان جێبەجێ نەکراون.
دەم پارتی جەخت دەکاتەوە، دەبێت یاسای چوارچێوەیی داهاتوو دووربێت لە ڕێسای تەسک و جیاکاری، بەڵکو پرۆسەی چەکدانان، گەڕانەوەی ئارام و بەکەرامەت، بەشداریی سیاسیی دیموکراتیک و دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکان لەخۆ بگرێت.
هاوكات، دەم پارتی داوای دەستبەجێ ڕەخساندنی هەلومەرجی کارکردن و ژیانی ئازاد بۆ ئۆجالان دەکات و دەڵێت: "بۆ ئەوەی پرۆسەکە پێش بکەوێت، زۆر گرنگە کە بارودۆخی کارکردن و ژیانی ئازاد دەستبەجێ بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان بخوڵقێنرێت، تا بتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر وەک دانووستانکاری سەرەکی کار بکات. ئەو گۆشەگیرییەی کە نزیکەی پەنجا ڕۆژە بەردەوامە و هاوبەشنەکردنی ڕەشنووسی یاساکە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکاندا، بە تەواوی لە دژی پێویستییەکانی پرۆسەکەیە".
لە کۆتایی ئەنجامنامەکەدا، ئاوڕ لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ دراوەتەوە کە لە ڕۆژانی 7-8ی تەممووزی 2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو. دەم پارتی ڕایگەیاندووە، ئەم کۆبوونەوەیە جارێکی تر نیشانی دایەوە کە سیستەمی نێودەوڵەتی بەرەو سەربازیکردنی زیاتر هەنگاو دەنێت و تێڕوانینی جیهانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێونەتەوەییەکان لە ڕێگەی سەربازییەوە تادێت بەهێزتر دەبێت، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ئاشتیی گەلان دروست دەکات.