ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەی، جەختی لەسەر هەنگاوە نوێیەکانی پرۆسەی ئاشتی کردەوە و ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوودا پڕۆژەیاسای چوارچێوە بە مەبەستی ڕێکخستنی پرۆسەی چارەسەری پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا دەکرێت.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە کاریگەرییە ئابوورییە قورسەکانی جەنگ کرد لەسەر وڵاتەکەی و ئاشکرای کرد، قەبارەی گشتیی زیانە ئابوورییەکانی جەنگ بۆ تورکیا لە 2.3 تریلیۆن دۆلار تێپەڕیوە و تێچووی ساڵانەی نزیکەی 50 ملیار دۆلارە.
ئەردۆگان جەختی کردەوە، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندیی تەواوی 86 ملیۆن هاوڵاتیی تورکیایە و گوتی: "بە قەد خاوەنکاران، کرێکاران و جووتیاران قازانج دەکەن؛ بە قەد تورکەکان، کورد، عەرەب، لاز و چەرکەسەکانیش لێی سوودمەند دەبن".
سەرۆککۆماری تورکیا ئیسرائیلی بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد. هاوکات سەبارەت بە پرسی قوبرس، جارێکی دیکە هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە بۆ چارەسەری بەشێوازی دوو دەوڵەت و ڕایگەیاند، پێشنیارکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هیچ جۆرێک قبوڵ ناکەن.