لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نووچە تیڤی، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، ئاماژەی بە پێشهاتەکانی پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا و هەڵوێستی فەرمی پارتەکەی دەربارەی ئایندەی پرۆسەی چارەسەری ڕاگەیاند.
ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە، کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ڕەشنووسی یاساکە بڕیارێکی مێژوویییە بۆ بونیادنانی پێکەوەژیان و گواستنەوەیە لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ قۆناغی سیاسی و یاسایی.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی: "چەک بێ دەنگ کراوە و لە ئێستادا ئەرکی هەموومانە بەیەکەوە هەلومەرجی ئاشتی پەرەپێ بدەین. بەڕێز ئۆجالان ئەکتەری سەرەکیی ئەم پرۆسەیەیە و پێویستە ڕاستەوخۆ لە ناو ناوەندی هەماهەنگکاری و بڕیاردانی پرۆسەکەدا شوێنی شایستەی خۆی هەبێت".
ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پرۆسەیە ئەرکێکی قورس دەخاتە سەر شانی عەبدوڵا ئۆجالان و ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا ڕۆژنامەنوسان دەتوانن سەردانی ئیمڕاڵی بکەن و چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدەن.
گوتبێژەکەی دەم پارتی ئاشکرای کرد، بە گوێرەی ئەم یاسایە بێت، دەبێت سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەڤاڵەکانی لە زیندان ئازاد بکرێن. ڕاشیگەیاند، ناکرێت جێبەجێکردنی مافی هیوا دوا بخرێت و دەبێت ڕێکارە یاساییەکانی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئایشەگوڵ دۆغان رسگر، ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی گەڕانەوەی هێزەکان و بەرقەراربوونی ئاشتیدا زۆر گرنگ و یەکلاکەرەوەیە. داواشی لە تەواوی پارتە سیاسییەکانی تورکیا کرد پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی بکەن.