سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی - کوردستان لە دهۆک جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەرچووانی زانکۆکان سەرمایەی ڕاستەقینەی وڵاتن، و داوایان لێدەکات ببنە سەرکردە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، نەک بە تەنها بە پۆست و ناونیشان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئاهەنگی خولی حەوتەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی-کوردستان لە دهۆک بەشداری کرد و لە گوتارێکدا گەرمترین پیرۆزبایی لە دەرچووان، مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکارانی زانکۆکە کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان سەرمایەی ڕاستەقینەی وڵاتن و داوای لێکردن بونە سەرکردە، بەڵام "سەرکردە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دروست دەبێت، نەک بە پۆست و ناونیشان."
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە سەرەڕای ئەو کارە زۆرانەی بۆ وڵات کراون، بەڵام "کوردستانێکی بێ کەموکوڕی رادەستی نەوەی داهاتوو ناکرێ، بەڵکو ئەزموونەکە بە هەموو باشی و خراپییەکانییەوە دەدرێتە دەست نەوەی داهاتوو."
لە تەوەرێکی تری گوتارەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی باسی لە گرنگیی ڕەخنەی بەرپرسیارانە کرد و جەختی کردەوە کە "ڕەخنەی بەرپرسیارانە کوردستان پێش دەخات." هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە "وڵاتی بەهێز ئەوەیە کەموکوڕیی خۆی ببینێت و ڕاستیان بکاتەوە."