وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم پشک و بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2027 لە بەغدا دەخاتە ڕوو، و هۆشداری دەدات لەوەی کە پشکی هەرێم بەدیاریکراوی لە خوار ئەنجامی سەرژمێرییەوە دانراوە، داواش دەکات پرسی مووچە لە خەرجیی فیعلی جیا بکرێتەوە.
لە شاری سلێمانی، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورەی لە بەردەم بودجەی هەرێمی کوردستان و پرسی مووچە بۆ ساڵی 2027 ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە پێویستە پێش ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، کە بڕیارە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت، کار لەسەر چارەسەرکردنیان بکرێت.
کێشەی پشکی هەرێم و قەبارەی بودجە
وەزیری دارایی ئاماژەی بەوە دا کە پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.68٪ دیاری کراوە، لە کاتێکدا بەپێی دوایین سەرژمێری دەبێت 14.10٪ بێت. هەروەها ڕوونی کردەوە کە خەرجیی سیادی کە 35٪ بۆ 40٪ـی کۆی بودجە پێکدێنێت (وەک خەرجییەکانی سوپا، پەرلەمان، سەرۆکایەتیی کۆمار و باڵیۆزخانەکان)، لە سەرەتاوە لادەدرێت بەبێ ئەوەی یەک دینار بۆ هەرێم دابنرێت، ئەمەش کۆی بودجەکە بچووک دەکاتەوە و پشکی هەرێم کەمتر دەکاتەوە.
سەرباری ئەوەش، ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هەرێم دەبێت قەرزەکانی عێراق بداتەوە بەبێ ئەوەی لە هیچ بڕێکی ئەو قەرزانە سوودمەند بووبێت، و لە ساڵی 2013ـەوەش یەک دینار لە بودجەی وەبەرهێنان بە هەرێم نەدراوە.
پرسی مووچە و جیاکاری لە خەرجیی حاکیمەدا
لەبارەی دابابینکردنی مووچەوە، ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند کە مووچە لەسەر "ئینفاقی فیعلی" دادەنرێت، بۆیە پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، داوایان کردووە مووچە لەو چوارچێوەیە دەربکرێت و بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە یان بودجەی سیادی.
لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، وەزیری دارایی ڕەخنەی لە جیاکاریی عێراق گرت لە خەرجیی حاکیمەدا (کە تایبەتە بە دابینکردنی خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکان وەک گەنم، بایەعی، دەرمان و سووتەمەنی) و ڕایگەیاند، عێراق تەنیا بەشێک لە پارەی گەنمی جووتیاران و بایەعی دابین دەکات،
بەڵام لە پشکەکانی دەرمان، پێداویستییە پزیشکییەکان و سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا، بڕی پێویست و شایستە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.