وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی فەرمی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە بەرەو بەغدا بەڕێ کەوتووە بۆ ڕادەستکردنی لیستی مووچە و داتا داراییەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەباتە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و بڕیارە سبەی دووشەممە بە فەرمی ڕادەستی لایەنی پەیوەندیداری بکات.
هەروەها هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەدا، ڕۆژی دووشەممە ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی مانگی ئابی ٢٠٢٦ دەسپێردرێتە وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمەش بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەی وردبینیکردن و دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.