وێرانکردنی سروشت و ژینگە لە مێژوودا هەمیشە یەکێک لە دەرەنجامە تاڵەکانی شەڕ و قۆرخکاریی پێک هێناوە، بەڵام سەرەڕای کارەساتە بەرفراوانەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان تا ئێستاش نەبوونەتە قەڵغانێکی پتەو بۆ پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان. لە ئێستاشدا هەڵمەتێکی جیهانی دەستی پێ کردووە بۆ ئەوەی چەمکی "ئیکۆساید" (لەناوبردنی بەکۆمەڵی ژینگە) وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی بناسرێت.
لە وێرانکارییەکانی کارتاجەوە تا تاوانەکانی ئەم سەدەیە
کردەوەی وێرانکاریی ژینگەیی مێژوویەکی کۆنی هەیە؛ لە سەردەمی ڕۆمەکاندا کە زەوییەکانی کارتاژیان سووتاند و لەناوبرد، تا سووتاندنی کێڵگە نەوتییەکانی کوەیت لەلایەن عێراقەوە، و وێرانکردن و بڕینی بەرفراوانی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن تورکیاوە. سەرەڕای ئەم هەموو کارەساتە، سروشت هەمیشە قوربانییەکی بێدەنگ بووە و زۆرجار پشتگوێ خراوە.
چەمکی «ئیکۆساید» دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، کاتێک زیندەزانێک بە ناوى ئارسەر گالستۆن ئەم دەستەواژەیەی بۆ وەسفکردنی وێرانکاریی دارستانەکانی ڤیەتنام لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەکار هینا.
ئیکۆساید وەک پێنجەمین تاوانی نێودەوڵەتی
ژینگەدۆستان و چالاکانی مەدەنی دەیانەوێت "ئیکۆساید" وەک پێنجەمین تاوان دژی ئاشتی لە پەیماننامەی ڕۆمای دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتیدا جێگیر بکرێت، کە لە ئێستادا تەنها تاوانەکانی جینۆساید، تاوان دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و دەستدرێژی لەخۆ دەگرێت.
پێناسە و چەسپاندنی ئەم تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، دەتوانێت حکومەتەکان، کۆمپانیا گەورەکان و کەسانی بەرپرسیار بخاتە ژێر لێپێچینەوەی توندی یاساییەوە.
ئاستەنگەکانی بەردەم یاسا نێودەوڵەتییەکان
سەرەڕای ئەوەی ماددەیەک لە پەیماننامەی ڕۆمادا زیانگەیاندن بە ژینگە لە کاتی جەنگدا بە تاوانی جەنگ دەناسێنێت، بەڵام تا ئێستا هیچ تۆمەتێک لە ژێر ئەم ماددەیەدا تۆمار نەکراوە؛ چونکە مەرجەکانی زۆر قورسن و پێویستە زیانەکە بە ئەنقەست، بەرفراوان، درێژخایەن و قورس بێت. پێشنیازە نوێیەکانی ژینگەدۆستان هەوڵ دەدەن ئەم مەرجانە سووک بکەن و هەموو جۆرە وێرانکارییەکی بەرفراوانی ژینگەیی وەک تاوانی ئیکۆساید پێناسە بکەن.
لە ئێستادا چەندین وڵات لەسەر ئاستی نیشتمانی یاسای تایبەتیان لەم بارەیەوە دەرکردووە و یەکێتیی ئەورووپاش ڕێنماییەکی ژینگەیی بۆ پاراستنی زیاتری سروشت پەسەند کردووە. لە کاتێکدا ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا نەبوونی تێگەیشتنی هاوبەشی جیهانییە، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی ژینگەیی بەرکەوتوون، بوونەتە پێشەنگی پشتگیریکردنی ئەم هەڵمەتە جیهانییە.