ئامادەکردنی/ سان ساراڤان
ململانێی بەردەوام لە ناوچەی کەنداو بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ پەکخستنی هەناردەکردنی پەیینی کیمیایی، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لە لاوازی زنجیرەکانی دابینکردنی کشتوکاڵی جیهانی بەرامبەر ناسەقامگیرییە جیۆپۆلەتیکییەکان.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی ئەم ماوەی جەنگی ئێران و ئەمەریکا- ئیسرائیل، گەشەی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان لەم ناوچەیەدا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر گواستنەوەی کەلوپەلی بنچینەیی کشتوکاڵی هەبووە، بەتایبەتی ئەو بەرهەمانەی کە بۆ بەرهەمهێنانی خۆراک گرنگن.
یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم پڕۆسەیە ڕاڕەو و تەنگەی هورمزە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی پەیینی کیمیایی لە وڵاتانی کەنداو بۆ بازاڕە جیهانییەکان بەکاردێت.
پشکێکی بەرچاو لە بازرگانی نێودەوڵەتیی پەیینی کیمیایی، بەتایبەتی یوریا و ئامۆنیا، لە ڕێگەی ئەم گەرووە دەگوازرێتەوە، کە ئەوەی کردووە بە خاڵێکی ستراتیژی و هەستیار بۆ ئاسایشی دابینکردنی خۆراک.
وڵاتانی ئەنجومەنی هەرەوەزی کەنداو(GCC) ڕۆڵێکی گرنگ لەم بوارەدا دەگێڕن، چونکە بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری سەرەکی پەیینی کیمیایین. بەهۆی دەستڕاگەیشتنیان بە سەرچاوەی غازی سروشتی کەمتێچوو، ئەم وڵاتانە توانای بەرهەمهێنانی بەرزیان هەیە، قەتەر و سعودییە بە تایبەتی لە سەرەوەی لیستی بەرهەمهێنەرانن، و بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە دابینکردنی جیهانی یوریا و ئامۆنیا دەکەن. بە پێی داتاکان، وڵاتانی GCC نزیکەی ٢٠-٢٥%ی هەناردەکردنی جیهانی یوریا و١٠-٢٠%ی بازرگانی ئامۆنیا پێکدەهێنن، کە ئەمە گرنگی ستراتیژی ئەم ناوچەیە دەردەخات.
بەڵام، ناسەقامگیرییە ئەمنییەکان و مەترسییەکان لە ناوچەکەدا کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر ڕەوتی هەناردەکردن هەبووە. شیکارییەکان ئاماژە دەکەن کە ٢٠–٣٠%ی بازرگانی جیهانی پەیینی بەرکەوتەی ئەو بڕان و قەت بوونەیە و قەبارەی کەشتیوانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. هۆکارە سەرەکییەکان بریتین لە بەرزبوونی مەترسییە ئەمنییەکان لەسەر پیشەسازی وڵاتانی کەنداو ، زیادبوونی تێچووی دلنیایی (ئنشورانس)، و ئاڵۆزی لە ڕێڕەوی گواستنەوەدا. ئەم گۆڕانکارییانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی پێوانە لە بازاڕە جیهانییەکان، بە جۆرێک نرخی یوریا ٣٠–٥٠% و ئامۆنیا ٢٠–٢٥% زیادبوو و بەرز بۆتەوە.
کاریگەری ئەم دۆخە تەنها لە ناوچەی کەنداو نەماوە، بەڵکو گەیشتووەتە وڵاتانی هاوردەکار لە سەرانسەری جیهاندا. ناوچەکانی وەک باشوری ئاسیا، ئەفریقا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە بە شێوەیەکی زۆر پەیوەست بە هاوردەی سەمادی کیمیایین، زیاتر بەرکەوتوون. کەمبوونەوەی دابینکردن و بەرزبوونی نرخەکان بووەتە هۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و دابەزینی بەرهەمی خۆراک، کە ئەمەش نیگەرانییە گەورەکان لەسەر ئاسایشی خۆراک دروستکردووە.
لە کۆتاییدا، ئەم پڕۆسەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سیستەمی خۆراکی جیهانی بە شێوەیەکی زۆر پەیوەست بە هەلومەرجە جیۆپۆلەتیکییەکانە. ململانێی چەکداری لە ناوچەیەکی ستراتیژی وەک کەنداو دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ زنجیرەکانی دابینکردن تێکبدات و بگەنە ئاستی مەترسی بۆ دابینکردنی خۆراک. بۆیە، گرنگە سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان و پلانی دابینکردنی خۆراک زیاتر جەخت لەسەر جیاوازی سەرچاوەکان و بەهێزکردنی بەرگریی لە دابینکردنی خۆراک بکەن، تاکو کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە قەیرانانە کەمبکرێتەوە.