بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا کاتژمێر 03:00ی دوانیوەڕۆ بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبێتەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا پڕۆژە یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و هاوکات ئەو هەنگاوانەی لەچوارچێوەی ئەم یاسایەدا جێبەجێ دەکرێن تاوتوێ دەکرێت، پێشبینی دەکرێت هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژە یاساکە و قۆناغەکانی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی تەوەرێکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بێت.
یەکێکی لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە هەماهەنگی نێوان ئەو دامەزراوە ئەمنی، دادوەری و گشتییە پەیوەندیدارانەدا دەبێت، کە لە پراکتیزەکردنی پڕۆژە یاسای تایبەت بە پرسی کورددا بەشدار دەبن.
شایەنی باسە دۆینێ پڕۆژە یاسای بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی کە لە 1 مادە پێکدێت پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا کرا.