رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی یاسای چوارچێوە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پەکەکە بە کردەیی چەک دابنێت و پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی تەواو بکات.
ئەردۆغان لە دوای کۆتاییهاتنی 81ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە «ماڵی تورک» لە شاری نیویۆرک لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس کۆبووەوە و تیشکی خستە سەر دواین پێشهاتەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی و دۆخی ناوچەکە.
سەبارەت بە پرۆسەکە، سەرۆککۆماری تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: «پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو لە ژێر کۆنترۆڵی یەکەکانماندا بەرەو پێشەوە دەچێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەینە ئەنجام.» هەروەها سەبارەت بە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەشی دڵنیایی دا و جەختی کردەوە کە هیچ مەترسییەک بۆ سەر سیستەمی دارایی و ئابووریی تورکیا بوونی نییە.
ئەردۆغان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجیان ئەوەیە لە داهاتوودا لەگەڵ عێراق لە جیاتی پرسی تیرۆر و پێکدادان، باسی پرۆژەی ستراتیژیی «ڕێگەی گەشەپێدان» و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بازرگانی بکەن.