ڕاستەوخۆ

تونجەر باکرهان: بە بیانووی لووتکەی ناتۆ، تورکیا کراوە بە سەربازگە و دۆخی نائاسایی ڕاگەیەندراوە

reset font size increase font size

شەپۆلێکی نوێی دەستگیرکردن، دوورخستنەوەی ئەکادیمیستان و داخستنی ماڵپەڕە هەواڵییەکان لە تورکیا، کاردانەوەی توندی هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لێدەکەوێتەوە.

 تونجەر باکرهان ڕەخنەی توند ئاڕاستەی دەسەڵات دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە بە بیانووی ڕێکارە ئەمنییەکانی لووتکەی ناتۆوە، دۆخێکی نائاسایی ڕانەگەیەندراو و پێشێلکاریی توند بەسەر وڵاتدا سەپێنراوە، بە جۆرێک کە دەنگە جیاوازەکان چیتر قبووڵ ناکرێن.

باکرهان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم چوارچێوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە سیاسی، چالاکوان و ڕۆشنبیران دەستگیرکراون، کە دیارترینیان نووسەر و ئەکادیمیست "سیبەل ئۆزبودون" و "تەمەل دەمیرەر"ن؛

هاوكات پرۆفیسۆر "بولەنت بیلمەز" تەنیا بەهۆی ئەوەی بواری توێژینەوە ئەکادیمییەکانی لەسەر پرسی کورد و عەلەوییەکان بووە لە کارەکەی دوورخرایەوە، و کۆمیدیان "دەنیز گۆکتاش"یش بەهۆی پێشکەشکردنی نمایشێکی تەنزئامێزەوە ڕووبەڕووی گرتن بووەتەوە.

هاوشانی ئەمەش، پرۆسەی بێدەنگکردنی میدیاکان چڕتر کراوەتەوە و بە بڕیاری فەرمی ڕێگری لە دەستڕاگەیشتن بە چەندین ماڵپەڕی هەواڵی و ئاژانسی دەنگوباس کراوە، لەوانە ماڵپەڕەکانی Nûmedya24، Azadiya Welat، Ajansa Welat و Sendika.org.

هاوسەرۆکی دەم پارتی جەخت دەکاتەوە کە لە کاتێکدا وڵات بەدەست قەیرانی توندی ئابووری، نادادپەروەری، داڕمانی کەرتی کشتوکاڵ و بێداهاتوویی گەنجانەوە دەناڵێنێت، دەسەڵات تەواوی وزەی خۆی بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن، ئەکادیمیستان، هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان تەرخان کردووە, ئەمەش نیشانەی لاوازیی دەسەڵاتە نەک بەهێزییەکەی.

باکرهان داوا دەکات کە دەسەڵاتداران دەست لەسەر ئەکادیمیستان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان و ئۆپۆزسیۆن هەڵگرن و واز لە یاریکردن بە هەستی گەل بهێنن، چونکە ئەم وڵاتە پێویستی بە سەپاندنی دۆخی نائاسایی بەسەر هاوڵاتیانی خۆیدا نییە، بەڵکو پێویستی بە دیموکراسی، دادپەروەری و ئاشتی هەیە.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.