حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لەسەر دابەشکردنی داهاتی گومرگیی دەروازە سنوورییەکان گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
بە گوێرەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەریم و بەغدا، داهاتی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 50% بە 50% لە نێوان هەولێر و بەغدا دابەش دەکرێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمیی حکومەتی عێراق (الصباح) ڕایگەیاند، سیستەمی تازەی گومرگی بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی خاڵە ناکۆکەکانی پەیوەست بە سیستەمەکە چارەسەر کراون و بە گوێرەی دەستوور، 50%ی داهاتی گومرگی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و 50%ەکەی دیکە ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکرێت. جەختیشی کردەوە، بە گوێرەی ئەم ڕێککەوتنە، پێویستە لەمەودوا تەواوی بازگە نایاساییەکانی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەڵبگیرێن.
ڕێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد، کۆمپانیا جیهانییەکان بەبێ وەرگرتنی گەرەنتی و دڵنیایی وردی هەواڵگری لەسەر پارێزراو بوونیان لە هێرشەکان، ئامادە نین دەست بەکارکردن بکەنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا بەردەوامە، تا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش دابین بکرێت.