ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا و بەپەلەدا شەوی دووشەممە گەیشتە بەغدا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" و فەرماندەی گروپە چەکدارەکان ئەنجام دا. ئەم سەردانە، کە وەک ئەوانی دیکە بەبێ ئاگاداریی فەرمی ئەنجام درا، پێش 50ڕۆژ لە هاتنی وادەی 30ی سێپتەمبەر دێت؛ ئەو مۆڵەتەی کە حکومەتی عێراق دیاریکردووە تاوەکو تەواوی گروپەکان چەکەکانیان بپێچنەوە و ڕادەستی دەوڵەتی بکەن.
چوونە ناو ناوچەی جرف سەخر؛ ئەو هۆکارەی قائانی هێنایە بەغدا
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ماڵپەری حورەی ئەمریکی کەوتوون، سەرەتا بڕیاربوو شاندێکی سیاسیی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاووتوێکردنی پرسی چەکی گروپەکان سەردانی تاران بکات، بەڵام گەیشتنی "زانیاری بەپەلە" بە فەرماندەی فەیلەقی قودس پلانی گۆڕی و وایکرد قائانی خۆی راستەوخۆ بێتە بەغدا. زانیارییە دزەپێکراوەکان ئاماژەیان بەوە دەدا کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی هێزەکانی دەوڵەت ڕەوانەی ناوچەی "جرف الصخر" بکات؛ ناوچەیەک کە لە دوای ڕزگارکردنی لە دەستی داعش لە ساڵی 2014وە بە تەواوی وەک ناوچەیەکی سەربازیی داخراو لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و ئاماژە بەوە دەکرێت کۆگای گەورەی چەک و درۆنی تێدایە و ڕێگە بە هیچ بەرپرسێکی حکومی نادرێت بچێتە ناوێ.
وادەی ۳۰ی ئەیلول و هەڵوێستی زەیدی
لەگەڵ ئامادەباشیی هێزەکانی دژەتیرۆر لە پارێزگای بابل بۆ ئەگەری چوونەناو جرف الصخر، هێزەکانی دژەتیرۆر و دەزگای هەواڵگریی عێراق توانینیان ئۆپۆراسیۆنێک ئەنجام بدەن و تۆڕێک دەستگیر بپکەن کە پلانیان بۆ هێرشکردن بە درۆن داڕشتبوو، هاوکات دەستیان بەسەر چەندین درۆن و کەرەستەی سەربازیدا گرت.
ئەم جوڵانەی بەغدا وەک پەیامێکی بەهێزی سەرۆکوەزیران هەژمارکرا بۆ ئەو گروپانەی کە ڕەتیدەکەنەوە بڕیارەکانی دەوڵەت جێبەجێ بپکەن، چونکە بڕیارە دوای وادەی ٣٠ی سێپتەمبەر، هەر چەکدارێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا بەپێی یاسای تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
هەروەها سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە زەیدی ڕەتی کردووەتەوە پێشوازی لە قائانی بکات، بەو پێیەی عێراق خوازیاری پەیوەندیی سیاسییە لەگەڵ تاران، نەک پێشوازیکردن لە فەرماندەیەکی سەربازی.
لە بەرامبەردا، قائانی لە کۆبوونەوەکانیدا داوای کردووە دۆخەکە نەگاتە ئاستی پێکدادانی سەربازی، بەڵام لە هەمان کاتدا داوای لە سەرکردە شیعییەکان کردووە گۆشار بخەنە سەر زەیدی تا گروپە چەکدارەکان لاواز نەکات، چونکە ئێران هەست دەکات بەرژەوەندییەکانی خۆی لە عێراقدا لەژێر مەترسیدایە.
فشاری ئەمریکا و نیگەرانییەکانی تاران
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن فشارێکی زۆر دەکات بۆ چەککردنی گروپەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن و دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی ئەوەی دابوو. لە بەرامبەردا، تاران نیگەرانە لەوەی حکومەتەکەی زەیدی زیاتر لە واشنتۆنەوە نزیک وەک لە تاران، بەتایبەت لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوچەکەدا کە تێیدا ئێران هەست بە مەترسیی گەورە دەکات لەسەر هاوپەیمانەکانی.