بەرپرسێکی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سەرجەم ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی چەند هەفتەیی لە ناوخۆی ئێراندا تەواو کردووە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و سیناریۆیەک لە ئامادەباشی دایە.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە: "ئێمە لە ئێستادا خەریکی ئامادەکاریین بۆ لێدانی زنجیرە هێرشێک لە ناوخۆی ئێراندا، کە ئەگەری هەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێت."
ئەو سەرچاوە سەربازییە جەختی لەوەش کردووەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا پێشبینی هەموو جۆرە کاردانەوە و سیناریۆیەک دەکەن و لەو چوارچێوەیەشدا گوتویەتی: "سەرجەم ئەو پێداویستی و کەرەستە سەربازییانەی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە پێویستمانن، دابین کراون و لە ناوچەکەدا جێگیر کراون."
ئەم لێدوانە توندانەی بەرپرسانی واشنتن لە کاتێکدایە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی یەکجار هەستیار و پڕ لە گرژیی تێپەڕ دەبێت و ترسی تەقینەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا زیاتر بووە.