وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاند کە بەنیازن لەمساڵدا کۆمەڵێک ڕێگای نوێی "سەلامەت و یاسایی" بۆ هێنانی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان بناسێنن؛ بەگوێرەی پلانەکە، ڕێگە بە زانکۆکان، گروپە کۆمەڵایەتییەکان و خاوەنکاران دەدرێت هاوشێوەی سیستمی وڵاتی کەنەدا، سپۆنسەری و پشتگیریی ئەو پەنابەرانە بکەن کە داوای مافی پەنابەرییان پێشکەش کردووە.
شەبانە مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند کە سیستمی نوێ تەنیا پارێزگاری لە "پەنابەری ڕاستەقینە" دەکات و لە هەمان کاتدا "ڕێگاکانی خراپ بەکارهێنانی سیستمەکە" دادەخات.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە بەریتانیا هەمیشە داڵدەی ئەو کەسانەی داوە کە لە شەڕ ڕادەکەن، بەڵام ئەم سیستمە تەنیا کاتێک بەردەوام دەبێت کە خەڵک متمانەیان پێی هەبێت و بزانن کە کۆنتڕۆڵکراو و دادپەروەرانەیە.
ئەم پلانە نوێیەی حکومەتی بەریتانیا، کە لە سیستمی پشتگیریی کۆمەڵایەتیی کەنەداوە وەرگیراوە (سیستمێک کە لە ساڵی 1979ـەوە نزیکەی 400 هەزار پەنابەری نیشتەجێ کردووە)، ئاسانکاری دەکات بۆ ئەوەی ڕێکخراوەکان و "زانکۆ باوەڕپێکراوەکان" لە ئەستۆی بگرن کە هاوکاریی پەنابەران بکەن بۆ دۆزینەوەی خانوو و هەلی کار.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، لە کەنەدا 70٪ی ئەو پەنابەرانەی سپۆنسەری کراون لە ماوەی ساڵێکدا کار دەدۆزنەوە.
بڕیارە ئەم پڕۆژەیاسایە لەم هەفتەیەدا بخرێتە بەردەم پەرلەمانی بەریتانیا، بەڵام پارت و لایەنە جیاوازەکان لەسەری هاوڕا نین:
پارتی پارێزگاران (ئۆپۆزسیۆن): کریس فیلیپ، وەزیری ناوخۆی سێبەر لە پارتی پارێزگاران، بە توندی دژی پلانەکە وەستایەوە و ڕایگەیاند کە تاوەکو کۆچی نایاسایی بە تەواوی ڕانەگیرێت، بە هیچ شێوەیەک نابێت ڕێگە بە هاتنی کەسی دیکە بدرێت؛ ئەو پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداری بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت "سەرسنوورەکان واڵا بکات".
پارتی کرێکاران (دەسەڵاتدار): بەشێک لە ئەندامانی پارتەکە پێشتر نیگەران بوون لە توندکردنەوەی یاساکانی وەک دوو هێندەکردنی ماوەی چاوەڕوانی بۆ اقامەی هەمیشەیی، و پێیان وایە تەنیا بە دابینکردنی ڕێگای یاسایی دەتوانرێت ڕێگری لە هاتنی بەلەمە بچووکە نایاساییەکان بکرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) کار دەکات بۆ دیاریکردنی کەسانی شایستە، و پشکنینی وردی ئەمنی بۆ پێشینەی پێش گەیشتنیان بۆ بەریتانیا دەکرێت.
بڕیارە وەرگرتنی داواکاری بۆ زانکۆکان لە کۆتایی ئەمساڵدا دەستپێبکات و یەکەم کاروانی پەنابەرانیش لە ساڵی 2027ـدا بگەنە وڵاتەکە.