لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی هێزەکانی ڕووسیا بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، لانیکەم 10کەس کوژران و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون، وەک ئەوەی ئۆلیگ سینیگوبۆڤ، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی خارکیڤ ڕایگەیاندووە.
سینیگوبۆڤ لە ڕێگەی کەناڵی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تیلیگرام" بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی ڕووسیا "هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر شارۆچکەی پیشینیگی" ، کە نزیکەی 60 کیلومەتر لە شاری خارکیڤەوە دوورە، «بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی 10 کەس، ئاماژەی بەوەش کرد کە تیمەکانی فریاگوزاری و بەهاناوەچوون تا ئێستاش لە شوێنی ڕووداوەکە بەردەوامن لە کارەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ڕووسیا بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی نوێ لە باکووری خارکیڤ، دوای ئەوەی توانییان هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە بەرەی دۆنێتسک بوەستێنن.
موسکۆ لەمێژە هەوڵ دەدات بگاتە خارکیڤ و ناوچەیەکی دابڕێنەر لە دەوروبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی شارەکەدا دروست بکات، بە ئامانجی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئۆکرانیا لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی ڕووسیا و ڕێگری کردن لەوەی ببنە مەترسی بۆ سەر شاری بێلگاردی ڕووسی.