ڕاستەوخۆ

ئەکسیۆس: قەتەر بەشداری دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومان دەکات لەسەر گەرووی هورمز

reset font size increase font size

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری دیپلۆماتکارێکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە بەرپرسانی قەتەری بەشداری لەو دانوستانە چڕانەدا دەکەن، کە لە نێوان ئێران و سوڵتاننشینی عومان لە شاری مسقەت بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخی ئاڵۆزی گەرووی ستراتیژیی هورمز.

سەرچاوەیەکی هەرێمی ئاشکرای کردووە، کە لایەنە بەشداربووەکانی دانوستانەکە، سەرقاڵی تاوتێکردنی بەیاننامەیەکی ئەگەرین سەبارەت بە کردنەوەی تەواوەتیی دوورگەی ناوەڕاست لە گەرووی هورمز، کە دەکەوێتە چوارچێوەی ئاوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەت گەشتە دەریاییە ئازاد و گشتگیرەکان.

ئەم گەرووی ستراتیژییە، کە دەکەوێتە نێوان ئاوە هەرێمییەکانی ئێران و عومان، هەمیشە یەکێک بووە لە خاڵە هەرە ناکۆکەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە تایبەت، کە ئێران لە کاتی جەنگدا گەرووەکەی داخست و لە ئێستاشدا تەنیا ڕێگە بە یەک ڕێڕەوی دەریاوانی دەدات لەسەر درێژایی کەناراوەکانی خۆی.

پێشتر لە سەدا 20ی بازرگانیی سووتەمەنیی جیهان لەم تەنگەیەوە تێپەڕ دەبوو و هێشتاش ئێران بە تەواوەتی ڕەتیدەکاتەوە بارودۆخی دەریاوانی بگەڕێنێتەوە بۆ پێش سەردەمی شەڕ، کە تێیدا کەشتییەکان بە بێ بەرامبەر دەیانتوانی تێپەڕ بن.

ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت، کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو: "ئێران داوای لێکردووین دانوستانەکان بەردەوام بن و ئێمەش ڕەزامەند بووین، بەڵام بە ڕوونی پێمان گوتوون، کە ئاگربەست کۆتایی هاتووە".

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی ئەم لێدوانەی ترەمپی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، کە تاران هیچ داواکارییەکی لەو شێوەیەی پێشکەش نەکردووە.

هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە عومان و نووسینگەکەی پشتڕاستی کردەوە، کە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە (11ی تەممووزی 2026) لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی، بەدر ئەلبوسەعیدی، کۆبووەتەوە و تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکانیشیان تایبەت بووە بە دۆسیەی گەرووی هورمز.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان