کۆبوونەوەی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران دەستیپێکرد. کارنامەی فەرمیی دانیشتنەکەی ئەمشەو هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە مووچە و داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لەخۆ ناگرێت، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا ئەو پرسە وەک ماددەیەکی پاشکۆ لەلایەن وەزیرەکانەوە پێشنیاز بکرێت و گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 11ی تەممووزی 2026، چاوگێکی ئاگادار لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، کە پڕۆسەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، لە ئێستادا بە تەواوەتی لەسەر وەڵامی فەرمیی وەزارەتی دارایی هەرێم وەستاوە لەبارەی بڕی دروستی داهاتی ناوخۆ و ئەم بابەتەش هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە.
ئەو سەرچاوە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا دارایی هەرێم وەڵامی نووسراوەکانی بەغدای نەداوەتەوە لەسەر ئەوەی چ بڕە پارەیەک لە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی دەکات، تاوەکو بەغدا لە ڕێگەی پڕۆسەی پاوانکردنی دارایی ئەو بڕە لە کۆی گشتیی پارەی مووچە ببڕێت و ئەوەی دیکە ڕەوانەی هەولێر بکات.
پێشتر وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندبوو، لە کۆتایی مانگدا بڕی داهاتی نانەوتییان بۆ ڕوون دەبێتەوە، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی 11 ڕۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا، هێشتا وەڵامی فەرمییان بۆ بەغدا نەناردووە. بە گوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێم دەیەوێت ئەو بڕە پارەیەی وەک داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغدای دەکات لە نێوان 50 بۆ 70 ملیار دیناردا بێت، لە کاتێکدا بە گوێرەی ڕێککەوتنی پێشوو، پێویستە مانگانە 120 ملیار دینار ڕادەست بکات.
سەرباری ئەم ناکۆکییە، ئەو سەرچاوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوە کردووە، کە حکومەتی عێراق لەم هەفتەیەدا پڕۆسەی ناردنی مووچە جێبەجێ دەکات و چیتر لەسەر وەڵامی هەرێم ناوەستێت، بەڵکو خۆی ڕاستەوخۆ بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی لە پشکی مووچەکە دەبڕێت و پاشان پارەکە ڕەوانە دەکات.