ئەبوبەکر هەڵەدنی، چاودێری سیاسی، داوایەکی ئاراستەی زانایانی ئایینی و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لە نێو کایە ئایینییەکاندا و جەختی لەسەر گرنگیی بەکارهێنانی زمان و پۆشاکی کوردی کردەوە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی ڕایگەیاند: "داوا لە زانایانی ئایینی دەکەم ناوی کوردی لە منداڵەکانیان بنێن، چونکە فەرهەنگی هەمبانەبۆرینە بۆ 50 ساڵی تر ناوی جوانی تێدایە". ناوبراو ڕەخنەی لە پشتبەستن بە کلتووری دەرەکی گرت و گوتی: "عەیبە بۆ مامۆستایانی ئایینی بە جلی بێگانەوە بچنە نێو مزگەوتەکان".
ئەو چاودێرە سیاسییە دوای گەڕانەوەی لە پڕۆسەی عومرە، ئاشکرای کرد کە، داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و گوتی: "داوام لە وەزارەتی ئەوقاف کردووە ئەو کەسانەی دەچن بۆ حەج و عومرە، ناچاریان بکەن بە پۆشینی جلی کوردییەوە بچن".
ئەبوبەکر هەڵەدنی جەختی لەوەش کردەوە، پۆشاکی ڕەسەنی کوردی بەرگێکی تەواو شەرعییە و سەرجەم مەرجەکانی داپۆشینی تێدایە، بۆیە گونجاوە وەک سیمبولێکی نەتەوەیی لەو مەڕاسیمە ئایینییە نێودەوڵەتییانەدا پۆشاکەکە پیشانی گەلانی دیکە بدرێت.