ڕاستەوخۆ

هونەرمەندێکی کورد لە بنکەیەکی پۆلیسی ژاپۆن بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا

reset font size increase font size

موراد چیچەک، هونەرمەند، ئەکتەر و سیناریستی کوردی باکووری کوردستان، کە لە وڵاتی ژاپۆن نیشتەجێ بوو، دوای دەستبەسەرکردنی بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە، بە شێوەیەکی گوماناوی لەناو یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەدا گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی خێزانەکەی، موراد چیچەک لە 25ی حوزەیرانی ڕابردوو بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە، کە تەنیا زیانی مادیی لێکەوتبووەوە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە 3ی تەممووزدا لەناو بنکەی پۆلیس گیانی لەدەستداوە، بەڵام پۆلیسی ژاپۆن دوای پێنج ڕۆژ و لە ڕێککەوتی 8ی تەممووزدا لە ڕێگەی بەرپرسێکی کۆنسووڵخانەی تورکیاوە خێزانەکەیان، کە لە ئەڵمانیا دەژین ئاگادار کردووەتەوە. تاوەکو ئێستاش هۆکاری ڕاستەقینەی گیانلەدەستدانەکەی بە نادیاری هێڵدراوەتەوە.

موراد چیچەک لە ساڵی 2019وە لە شاری کاواگوچی ژاپۆن دەژیا، کە زۆربەی کۆچبەرە کوردەکانی ئەو وڵاتەی لێ نیشتەجێیە. دوای ڕووداوەکە، گواسترابووەوە بۆ بنکەی پۆلیسی تاکاوۆ لە ناوچەی هاچیۆجی. کەسوکارەکەی دەڵێن لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا مۆبایلەکەی لێ سەندراوە، لە مافی چاوپێکەوتن بێبەش کراوە و تەنانەت ڕێگری لە بینینی پارێزەرەکەشی کراوە.

هاوڕێ کورد و ژاپۆنییەکانی موراد چیچەک پێشتر سێ جار سەردانی بنکەی پۆلیسیان کردبوو بۆ وەرگرتنی زانیاری، بەڵام پۆلیس تەنیا پێی گوتبوون، کە لە زیندانە و تەندروستی باشە.

خێزانەکەی موراد لە 10ی تەممووزی 2026 گەیشتوونەتە ژاپۆن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی و دەستپێکردنی بەدواداچوونی یاسایی. ئەوان گومانی قورس دەکەن، کە کوڕەکەیان لەژێر ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپی پۆلیسدا گیانی لەدەستدابێت و داوای ڕوونکردنەوەی دەستبەجێ دەکەن، کە بۆچی هەواڵی مردنی بۆ چەندین ڕۆژ شاردراوەتەوە.

کەسوکارەکەی ئاماژەیان بەوە کردووە، کە موراد پلانی هەبووە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لە شاری جۆلەمێرگی باکووری کوردستان و بەر لە دەستبەسەرکردنیشی بە دوایین کەسی گوتبوو: "داوایان لێدەکەم ڕاستەوخۆ بمنێرنەوە بۆ تورکیا".

موراد چیچەک لە تورکیا وەک ئەکتەر و سیناریست لە ناوەندی کولتووریی ناسراوی بێشیکتاش کاری کردبوو. دوای کۆچکردنیشی بۆ ژاپۆن، سەرەڕای کارکردن لە بوارە جیاوازەکاندا، لە خولیای خۆی بۆ سینەما دانەبڕا.

ساڵی ڕابردوو، چیچەک ڕۆڵی سەرەکی لە فیلمی سینەمایی کوردی-ژاپۆنی (!Minna, Oshaberi) بینی، کە چیرۆکی هەوڵەکانی پەیوەندیی نێوان کەسێکی ژاپۆنی و کوردێکی نابیست دەگێڕێتەوە، ئەو فیلمە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆکیۆدا نمایش کرا و پێشوازییەکی باشی لێکرا.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان