ڕاستەوخۆ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق وردەکاریی تەقەکردنی کوێت لە ڕاوچییە عێراقییەکان بڵاودەکاتەوە

reset font size increase font size

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئێوارەی شەممە، وردەکاریی ڕووداوی تەقەکردن لە بەلەمێکی ڕاوچیانی عێراقی لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی کوێتەوە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیدا لەگەڵ بەرپرسانی کوێت دۆسیەکەیان تاوتێ کردووە و لایەنی کوێتیش گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە نیشانی شاندی عێراقی داوە.

وەزارەتی دەرەوە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووداوی تەقەکردنەکە لە 3ی تەممووزی 2026 ڕوویداوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ڕاوچییەک و دەستبەسەرکردنی چەند ڕاوچییەکی دیکە. دوابەدوای ئەوە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کاتی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ کوێت لە 8ی تەممووز، ئەم بابەتەی بە توندی لەگەڵ سەرکردایەتی کوێت و فەهد یوسف، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە تاوتێ کردووە و ڕەتکردنەوەی قورسی عێراقی بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە دەربڕیوە کە زیان بە پەیوەندییە براینییەکان دەگەیەنێت.

ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسڕە بەڕێوەچوو.

بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، لایەنی کوێتی لەو کۆبوونەوەیەدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراوی ڕووداوەکەی نمایش کردووە و ڕوونیان کردووەتەوە، کە ڕووداوەکە لە شەودا بووە و هێزەکانی کوێت بە هیچ شێوەیەک مەبەستیان نەبووە زیانی گیانی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

وەزیری دەرەوەی عێراقیش داوای لە باڵیۆزخانەی عێراق لە کوێت کردووە بەردەوام بێت لە بەدواداچوونی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و جەختیشی کردەوە، کە پاراستنی ئاسایشی ئاوە هەرێمییەکانی عێراق تەنیا لە ئەستۆی هێزی دەریایی عێراقدایە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، ئەو ڕاوچییە عێراقییانەی لە کوێت دەستبەسەرکرابوون (حەسەن خالید، جەعفەر حەسەن، و ماجد محەممەد) لەگەڵ تەرمی ڕاوچییە کۆچکردووەکە (نەجم عەبدوڵڵا) و ڕاوچییە بریندارەکە (سائر محەممەد)، کە لە ناوچەی سەریدا بریندار ببوو، لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی سەفوانەوە گەڕانەوە عێراق.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان