سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پۆتین لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی ئێستا دەرئەنجامی سەرکێشییەکی دیکەی نائاکامی حکومەتی ئۆکرانیا و پاڵپشتیکارە ڕۆژئاواییەکانیەتی، کە پلانیان دانابوو لە ماوەی 40 ڕۆژدا شکست بە ڕوسیا بهێنن.
سەرۆکی ڕوسیا ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بۆ هێرشکردنە سەر قوڵایی خاکی ڕوسیا هیچ دەستکەوت و بڕینێکی ڕێگەی لێنەکەوتووەتەوە، بەڵکو لە بەرامبەردا ڕوسیا هێرشەکانی بۆ سەر بەندەرەکان و دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە. جەختیشی کردەوە، کیێڤ و ڕۆژئاوا هیچ باڵادەستییەکیان بەسەر ڕوسیادا بەدەستنەهێناوە و بەدەستیشی ناهێنن.
بە گوێرەی میدیاکانی ڕوسیا، لە 25ی حوزەیرانی ڕابردوودا، ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی دەزگای ئاسایشی وڵاتەکەی ڕسپاردبوو بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەک بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی کاریگەری" بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ڕوسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕێگەی تێکدانی بنکە ئابووری و لۆجستییەکان لە ماوەی 40 ڕۆژدا.