ڕاستەوخۆ

نێردراوی ئەمریکا داگیرکاریی بەرزاییەکانی جۆلان ئیدانە دەکات و کاتس وەڵام دەداتەوە

reset font size increase font size

تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا و عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، ڕەخنەی توندی لە کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە گرت و بە داگیرکارییەکی پێچەوانەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیستەمی نێودەوڵەتی وەسفی کرد.

لە بەرامبەردا، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند، لێدوانەکەی تۆم باراک پڕە لە زانیاریی هەڵە و تەواو پێچەوانەی هەڵوێستی ڕاستەوخۆی سەرۆک دۆناڵد تڕەمپە سەبارەت بە جۆلان.

ئەمە دوای ئەوە هات، تۆم باراک ڕایگەیاندبوو هێرشە ئاسمانییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو ئەلزوھور لە گوندەواری ئیدلب، بە ئەگەری زۆرەوە لە ئەنجامی تێنەگەیشتن یان هەماهەنگینەکردنی نێوان لایەنەکان بووە، هاوکات جەختی کردبووەوە، ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکیاندا نییە.

ئیسرائیل کاتس ڕایگەیاند، ئیسرائیل پێش ئەنجامدانی هێرشەکە زانیاریی هەواڵگریی ڕادەستی لایەنە ئەمریکییە پەیوەندیدارەکان کردووە. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا دوای هێرشەکەیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ئەبو ئەلزوھور ناچار بوو پاشەکشە بکات، دوای ئەوەی ئیسرائیل زانیاریی دەستکەوتبوو، کە تورکیا بەنیازی ئەنجامدانی چالاكی بووە لە فڕۆکەخانەکەدا، کە مەترسیی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست دەکرد.

لە هەمان کاتدا، نووسینگەی بەنیامین نەتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل و سووریا لەسەر ڕەوشی ئاسایش ڕێککەوتبوون، بەڵام سووریا بە ڕەزامەندی لەسەر جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانیی نزیک حەڵەب، لە لێواری پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکەدا بوو. بەڵام ئەنقەرە بە تەواوی بوونی هەر هێزێکی خۆی لەو شوێنەدا ڕەت کردەوە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری تەواوی شوێنەوارەکانی هێرشە بەردەوامەکانی زانی، و ئەسئەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی کردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئاسمانییەکەی ئەبو ئەلزووھور نەبووە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.