رۆژنامەکانی ناوخۆی تورکیا بڵاویانکردەوە، بەشێکی زۆری گیراوانی داعش لە سوریا کە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە، خاوەنی رەگەزنامەی تورکیان.
رۆژنامەی هالی گونولتاش لە تورکیا ئاشکرایکردووە، 30٪ی ئەو گیراوانەی داعش کە لە گرتووخانەکانی سوریاوە رادەستی حکومەتی عێراق کراون یان لە داهاتوودا رەوانە دەکرێن، هاووڵاتیی تورکیان.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەنقەرە داوای لە بەغداد کردووە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە عێراق، ئەو گیراوانەی داعش کە رەگەزنامەی تورکیایان هەیە، بۆ وڵاتەکەی بگوازرێنەوە و بەگوێرەی یاساکانی تورکیا سەرلەنوێ دادگایی بکرێن.
تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار گیراوی داعش لە سوریاوە رادەستی حکومەتی عیراق کراون. بە گوێرەی زانیارییەکان، ژمارەی ئەو گیراوانەی کە رادەستی بەغدا دەکرێن 7 هەزار ئەندامی داعشە و رەگەزنامەی وڵاتانی جیاوازییان هەیە. بەغدا داوای لەو وڵاتان کردووە، بەرپرسیارەتیی هاووڵاتییەکانیان لەنێو گیراوانی داعش، جێبەجێ بکەن.