بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆس بە پشتبەستن بە گوتەی سێ بەرپرسی ئەمریکی، شەوی هەینی نزیکەی 40 کەشتیی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی باشووری گەرووی هورمزەوە هاتووچۆیان کردووە و نزیکەی 16 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە کەنداو گواستووەتەوە.
ئەکسیۆس لە زاری ئەم سێ بەرپرسە ئەمریکییە نووسیویەتی، ئەم ژمارەیە بەراورد بە ئامارەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کە تەنها 15 بۆ 20 کەشتی لە شەوێکدا تێدەپەڕین بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم هاتووچۆیەی کەشتییەکان لە چوارچێوەی ڕێڕەوێکی دەریاییدایە، کە لەلایەن ئەمریکاوە لە درێژایی کەناراوەکانی عومان بەرێوەدەبرێت.
ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاویکردەوە، ئێران لەسەر داوای بەردەوامی بەغدا، ڕێگەی بە ژمارەیەک کەشتیی نەوتهەڵگری عێراقی داوە تێپەڕ ببن. ڕۆژی شەممە، نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عێراق ئاسانکاری بۆ هەندێک کەشتیی نەوتی عێراقی پشتڕاستکردەوە و تارانیش ڕایگەیاند، ئەم ڕێگەپێدانانە دوای گفتوگۆکانی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا هاتوون.