ڕاستەوخۆ

نەدیم سەڤەن: ئاشتی بە هەنگاوی تاکلایەنە بەدی نایەت

reset font size increase font size

نەدیم سەڤەن، ئەندامی گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕایگەیاند، بەدیهێنانی ئاشتی و سەرخستنی قۆناغی نوێ بە هەنگاوی تاکلایەنە مەحاڵە.

ئەندامەکەی گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی تورکیا گرت، کە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدی و کۆنکرێتیان نەناوە، لە کاتێکدا لایەنی کوردی، تەڤگەرەکە و عەبدوڵا ئۆجالان چەندین هەنگاوی ستراتیژییان هاویشتووە.

نەدیم سەڤەن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "وڵات"دا، داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کرد، کە بە ڕژدییەوە لەگەڵ قۆناغەکەدا بجوڵێنەوە و بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبی و هەڵبژاردن وەلابنێن.

ئەندامەکەی گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی جەختی کردەوە، کە ئامانجی ئەوان لە پڕۆسەی سووتاندنی چەکەکانیان تەنیا دانانی چەک نەبووە، بەڵکو مەبەستی سەرەکی بەشداریکردن بووە لە سیاسەتی دیموکراتیک و بەدیهێنانی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی ئازاد. گوتیشی: "لە کاتێکدا، کە دەبوو ئێستا ئێمە لە ئامەد، دێرسیم، ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ بین بۆ بەڕێوەبردنی خەباتی سیاسی و دیموکراتیک، وا ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕ دەبێت و ئێمە هێشتا لێرەوە لەسەر چیاکانەوە ڕاگەیاندراو و لێدوان دەدەین".

نەدیم سەڤەن تیشکی خستە سەر دۆسیەی ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان و ڕایگەیاند: "دەبوو تا ئێستا ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان بەدی بهاتایە و یاساکانی ئازادی دەرچووبان، بەڵام نەک ئەمە نەکرا، بەڵکو ماوەی 45 ڕۆژیشە گۆشەگیرییەکی توند بەسەریدا سەپێندراوە."

ئەو ئەندامەی گروپی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی ڕەخنەی لە گوتاری فەرمی و میدیایی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا گر، کە هێشتا لە ڕوانگەی "تیرۆر"ەوە لەم پرسە دەڕوانن. ئەو جەختی کردەوە: "ئەم دۆسیەیە کێشەی کورد و کوردستانە، کێشەی گەلێک و ناسنامە و کەلتوورەکەیەتی، نەک کێشەی تیرۆر و تا ئەم تێڕوانینە شۆڤێنییەش نەگۆڕدرێت، ناتوانرێت بەرەو پێشەوە هەنگاو بنرێت".

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان