سەرۆکی ڕێکخراوی جیھادی کشتوکاڵی سنە ڕایگەیاند، بەهۆی چالاکبوونی زیاتر لە 6 هەزار و 700 مێشەوان لە پارێزگاکەدا، پێشبینی دەکرێت بۆ ئەمساڵ 2 هەزار و 250 تۆن هەنگوینی کوالێتی بەرز لە پارێزگای کوردستان بەرهەمبهێندرێت و ڕەوانەی بازاڕەکان بکرێت.
سەعدی نەقشبەندی، سەرۆکی ڕێکخراوی جیھادی کشتوکاڵی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، کوردستان بەهۆی لەباریی کەشوهەوا، بوونی لەوەڕگای دەوڵەمەند و توانای بەرزی بەرهەمهێنەرانی، توانیویەتی پێگەی خۆی وەک یەکێک لە جەمسەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی پیشەسازیی هەنگەوانی لەسەر ئاستی وڵات جێگیر بکات.
ڕوونیشیکردەوە کە ئێستا پارێزگاکە لە ڕووی ژمارەی هەنگەوانییەوە لە پلەی دووەمی ئێراندایە.
نەقشبەندی لەبارەی ئاماری هەنگەوانی پارێزگاکەوە گوتی: "ئێستا 6 هەزار و 764 یەکەی هەنگەوانی چالاک لە سەرانسەری پارێزگاکەدا کار دەکەن.
نەقشبەندی پیشەسازیی هەنگەوانی وەک یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی کەرتی کشتوکاڵی پارێزگاکە لەقەڵەمدا و جەختیکردەوە کە ئەم پیشەسازییە، جیا لە بەرهەمهێنانی هەنگوین، ڕۆڵێکی گرنگ لە پیتاندنی ڕووەکەکان، پاراستنی هەمەجۆریی ژینگەیی و بەردەوامیی ئیکۆسیستمی لەوەڕگاکانی کوردستاندا دەگێڕێت.
لەکۆتاییدا ناوبراو باسی لە ستراتیژی سەرەکی ڕێکخراوەکەیان کرد و ڕایگەیاند: "پلانی ئێمە گەشەپێدانی چەندایەتی و چۆنایەتی پیشەسازیی هەنگەوانییە لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی هەنگەوانان، بەکارهێنانی ئامێری نوێ، پێشکەشکردنی ئاسانکاریی دارایی و براندکردنی بەرهەمەکان.