پەرلەمانتارێکی سوریا ڕایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامیشلۆ کۆتایی پێهاتووە و مانگێکی تر دوای تەواوبوونی ڕێکارە ئەمنییەکان بە فەرمی دەکرێتەوە، پێشبینیش دەکرێت گەشتەکان بۆ سوید و ئەڵمانیا دەستپێبکەن.
کیم ئیبراهیم، پەرلەمانتاری سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (نۆرس پرێس) ئاشکرای کرد، دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی باڵەخانە و کەلوپەلە تەکنیکییەکان و تەواوکردنی ڕێکارە ئەمنییەکان، مانگێکی تر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامیشلۆ دەکەوێتەوە کار و چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژانە پێنج بۆ حەوت گەشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە فڕۆکەخانەکەدا ئەنجام بدرێن.
پەرلەمانتارەکەی سوریا ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوەڕوان دەکرێت فڕۆکەخانەکە گەشتەکانی بەرەو وڵاتانی سوید و ئەڵمانیا دەستپێبکات.
هاوکات ئەوەشی خستەڕوو کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سوریا، زۆربەی کارمەندانی فڕۆکەخانەکە خەڵکی هەمان هەرێم و ڕۆژاڤای کوردستان دەبن.