ڕاستەوخۆ

پەرلەمانی عێراق دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسێکی باڵای عێراقی بڵاوکردەوە

reset font size increase font size

پەرلەمانی عێراق بە فەرمی وردەکاریی ئەو تۆمەت و دۆسیانەی گەندەڵی بڵاوکردەوە، کە بەهۆیانەوە حەیدەر مەکییە، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە دوای ئەوە دێت، ناوبراو لە دانیشتنی ڕۆژی پێنجشەممە 9ـی تەممووزی 2026ـی پەرلەمان ئامادە نەبوو بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی فەرمیی پەرلەمان، یەکێک لە دیارترین تۆمەتەکان بریتییە لە بەخشینی مۆڵەتی دروستکردنی باڵەخانە لەسەر ڕووبەری 5 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری سەربازگەی ڕەشید بە کۆمپانیایەکی بەڵێندەرایەتی. پڕۆژەکە بە بەهای 3 تریلیۆن و 450 ملیار دینار بووە، بەبێ ئەوەی کۆمپانیاکە پلانی پارەدارکردن پێشکەش بکات یان دەست بە کار بکات و ماوەی جێبەجێکردنەکەشی بە پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ 15 ساڵ درێژکراوەتەوە.

دۆسیەیەکی دیکەی گەندەڵی حەیدەر مەکییە، بریتییە لە پێدانی نایاسایی 22 دۆنم زەویی تایبەت بە شەهیدانی پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بە کۆمپانیایەک بەبێ بوونی مۆڵەت. هاوكات، ڕەزامەندیی داوە لەسەر بەکارهێنانی یەکێک لە کۆشکەکانی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق، لە چوارچێوەی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "داماک" (کە لەسەر ڕووبەری 1400 دۆنم دراوەتە کۆمپانیای دایکۆ) تاوەکو وەک ناوەندێکی بازرگانی بۆ کۆمپانیاکە بەکاربهێنرێت.

ئەم تۆمەتانە لە لایەن عادل ڕەکابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سادیقوون (باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق) ئامادەکرابوون. لە ناو تۆمەتەکاندا هاتووە، داوای لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە 10%ـی پڕۆژەکانی (بەسرە 1 و 2) بدرێتە کۆمپانیای داماک و بەدەر لە ڕێنماییەکان یەکەی نیشتەجێبوون بفرۆشێت.

سەرۆکی دوورخراوەی دەستەی وەبەرهێنان، تۆمەتبارە بەوەی فەرمانبەرێکی بە ناوی (جەلال ناسر) بەبێ ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی دەستپاکی ڕاسپاردووە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە گرنگەکانی وەک لیژنەکانی هەرێمی کوردستان، چاوخشاندنەوە بە تانەی وەبەرهێنەران و هەموارکردنەوەی مۆڵەتەکان. جگە لەوەی بە شێوازی نایاسایی 168 فەرمانبەری گواستووەتەوە و مانگانە 375 هەزار دیناری بە نایاسایی بۆ فەرمانبەرانی بەشەکانی ژمێریاری و وردبینی خەرج کردووە.

لە دۆسیەی هۆتێل ڕیکسۆسدا، ئە بەرپرسە ڕەزامەندی داوە لەسەر بەناوکردنی بەشێکی نیشتەجێبوونی پڕۆژەکە بە بڕی تەنیا 120 هەزار دینار (80 دۆلار) بۆ هەر مەترێک لە نهۆمی یەکەم و 14 هەزار دینار (9 دۆلار) بۆ نهۆمەکانی تر، لە کاتێکدا ناوەندی فرۆشتنی پڕۆژەکە یەک مەتری بە 6 هەزار دۆلار (نزیکەی 9 ملیۆن دینار) دەفرۆشێت.

هەروەها لە ماوەی ساڵێکدا، بڕی 300 ملیار و 960 ملیۆن دیناری بۆ کۆمپانیای (هانوا)ی کۆری (جێبەجێکاری پڕۆژەی شاری بەسمایە) خەرج کردووە بە پێچەوانەی وردبینیی فەرمانگەی یاسایی، و 6 هەزار و 750 شوقەی ئەو پڕۆژەیەش بەبێ تیروپشک دابەش کراون.

پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم دۆسیەکانی حەیدەر مەکییە ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی کراون بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و داواکاریی ناوبراویش بۆ دواخستنی لێپرسینەوەکە ڕەتکراوەتەوە.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.