لێدوانەکانی ئەم دواییەی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر دەربارەی ڕووداوەکانی خۆپیشاندانی تشرین، کاردانەوەی توندی یاسایی و جەماوەریی لەسەر ئاستی عێراق لێکەوتووەتەوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی دادوەریی بۆ دەکرێتەوە.
دانپێدانانەکەی عامری و توڕەیی کەسوکاری قوربانیان هادی عامری لە وتارێکدا بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە کردبوو کە گرووپە چەکدارەکان (کە بە "مقاومە" ناوی بردن) ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرین و پاراستنی سیستمی سیاسی، هاوکات ڕووداوەکانیشی بە "ئاشوب" وەسف کردبوو.
ئەم لێدوانانە شەپۆلێک توڕەیی لێکەوتەوە، بەتایبەت کە لەو خۆپیشاندانانەدا نزیکەی 800 خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، بەو هۆیەوە خێزانی قوربانیان بڕیاریان داوە سکاڵای یاسایی دژ بە عامری تۆمار بکەن.
جوڵەی یاسایی و داواکارییەکانی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی هەوڵە یاساییەکاندا، پارێزەر حازم مازن بەدری ئاگادارکردنەوەیەکی دادوەریی فەرمیی ڕادەستی سەرۆکی داواکاری گشتی لە پارێزگای واسیت کرد، کە تێیدا داوای کردووە بەپەلە لێکۆڵینەوە لە وتەکانی عامری بکرێت.
لە بەڵگەنامەکەدا جەختکراوەتەوە کە ستایشکردنی گرووپە چەکدارەکان و وەسفکردنی خۆپیشاندانەکان بە ئاشوب، دانپێدانانێکی ڕاشکاوە کە لێپرسینەوەی یاسایی و سزایی دروست دەکات و پێویست دەکات بانگهێشتی دادگا بکرێت.
هاوکات، عەلی عەبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوای لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی جدی و شەفاف لە سەرجەم پێشێلکارییەکانی خۆپیشاندانەکانی تشرین بکەن و ئەنجامدەران و بەرپرسانی بەپێی یاسا دیاری و سزا بدەن.