سڕی ساکک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ی شاری ئاگری، ڕایگەیاند، پێویستە دەوڵەتی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ڕاستەقینەی کێشەی کورد، لە بری لێدوانی سیاسی، هەنگاوی یاسایی و دیموکراتیی کرداری بنێت.
پەرلەمانتارەکەی شاری ئاگری باکووری کوردستانی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ڕاگەیاندراوی ئەم دواییانەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بانگەوازێکی ڕوونە بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەکە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، گەلی کورد چەندین ساڵە تەنها بەڵێنی بێکردار دەبیستێت و ئێستا چیتر کاتی گوتار نییە، بەڵکو قۆناغی گرتنەبەری هەنگاوی پڕاکتیکییە.
سڕی ساکک هۆشدارییدا لەو جووڵە دیپلۆماسییە نوێیانەی لە نێوان چوار دەوڵەتی ناوچەکە (تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق) بەڕێوەدەچن و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەم هاوکاری و دانوستانانە تەنها لەسەر بنەمای گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی و دژایەتیکردنی مافەکانی کورد داڕێژرابن، ئەوا هیچ جۆرە ئاشتی و ئارامییەک بۆ ناوچەکە بەدی نایەت، مێژووی سەدەی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە سیاسەتی نکۆڵی کردن، زۆرداری و ئۆپەراسیۆنی سەربازی تەنها کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و هیچ ئەنجامێکی ئەرێنییان لێ ناکەوێتەوە.
پەرلەمانتارەکەی شاری ئاگری باکووری کوردستانی دەم پارتی ڕایگەیاند، لە ناو جەرگەی هەموو قەیرانێکی ناوچەییدا هەم مەترسی و هەم دەرفەت هەن، ئێستاش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی ناوچەکەش باش دەزانن، بەبێ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد، ئارامیی بەردەوام لە هیچ کام لەو چوار وڵاتەدا جێگیر نابێت.
سڕی ساکک داوای لە هێزە کوردییەکان کرد پەیوەندییە ناوخۆیییەکانی خۆیان بەهێزتر بکەن، زمانی یەکێتی و دیالۆگ پەرە پێ بدەن و لەسەر بنەمای مافە دیموکراتییەکان یەکدەنگ بن، بەو پێیەی پرسی کورد کێشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو پرسی ماف، دیموکراسی و هاووڵاتیبوونی یەکسانە.