لە مزگەوتێکی گەڕەکی خەزڕای شاری کەرکووک منداڵێکی تازە لەدایکبوو دۆزرایەوە و دواتر بۆ چاودێریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی شارەکە کرا.
بەپێی زانیارییەکانی نووچە، منداڵە ساوایەکە کوڕە لەژوورێکی مزگەوتی "سەرمەدی" لە گەڕەکی خەزڕای شاری کەرکووک لەلایەن نوێژخوێنان و سەرپەرشتیارانی مزگەوتەکەوە دۆزراوەتەوە. دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکراونەتەوە و منداڵەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک کراوە بە مەبەستی پشکنین و دڵنیابوونەوە لە دۆخی تەندروستی.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست نووچە تیڤی کەوتوون، دیاردەی فڕێدانی منداڵانی ساوا لە سنووری پارێزگای کەرکووک ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەشێوەیەک لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 12منداڵی ساوا لە شوێنە گشتییەکان و بەردەرکی مزگەوت و کۆڵانەکانی شارەکەدا بە فڕێدراوی دۆزراونەتەوە.