مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "مەدیا هەبەر" پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی کوردستان، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تاوتوێ کرد.
مستەفا قەرەسوو ڕایگەیاند، نەیارانی گەلی کورد ناتوانن وەک ڕابردوو کورد بکەنە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان نیشانەی نێزیکایەتییەکی ناڕاست و نادروستە بەرامبەر بە پڕۆسەی ئاشتی.
ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئاشکرای کرد، سەرەڕای چەندین هەنگاونانی مێژوویی، بەڵام بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لە "پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"دا بەدی نەهاتووە. ئاماژەشی بەوە کرد، ئۆجالان لە پێناو داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەرکردنی یاسای بنەڕەتی بۆ چارەسەری کێشەی کورد هەوڵێکی زۆری داوە و لە دوایین پێشهاتیشدا لە 24ی ئایاردا پێشنیازنامەیەکی پێشکەش بە دەوڵەتی تورکیا کردووە.
مستەفا قەرەسوو ڕەخنەی توندی لە بەردەوامیی گۆشەگیری گرت و گوتی: "لە کاتێکدا پڕۆسەیەکی ئاوا گرنگ لە ئارادایە و دەرفەتی دیداریش هەیە، ماوەی مانگ و نیوێکە (45 ڕۆژ) هیچ دیدارێک لەگەڵ ڕێبەرایەتی ئەنجام نەدراوە. ئەمە کێشەیەکی جیددییە و دەیسەلمێنێت کە دەوڵەت نێزیکایەتییەکی ڕاستی بۆ پڕۆسەکە نییە، چونکە کێشەیەکی ئاوا گەورە تەنها بە پشتگیریی کۆمەڵایەتی چارەسەر دەبێت".
ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە یاسای بەڕێوەبردنی خۆجێیی، کە ئۆجالان وەک یاساکانی ئازادی ناوی دەبات، دەربچێت تا ڕێگە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک، ئیرادەی ئازاد و چەسپاندنی پێگەی کورد لە دەستووردا خۆش ببێت.
مستەفا قەرەسوو تیشکی خستە سەر بەڕێوەچوونی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە و ناسنامەی ئەم ڕێکخراوەی وەک (ڕێکخراوێکی شەڕ، نەک ئاشتی) پێناسە کرد، کە کار لەسەر درووستکردنی قەیران و ململانێکان دەکات. ڕاشیگەیاند، تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی بازرگانیکردن و بەدەستهێنانی پشتگیریی هێزە دەرەکییەکان لە ناو ناتۆدا، درێژە بە سیاسەتی قڕکردن و چەوساندنەوەی کورد بدات، ئەمەش نیشانەی بنبەست و تەنگاو بوونی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە.
ئەندامەکەی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە باسی لەو دەنگۆیانە کرد، کە دەڵێن پڕۆسەی دەرکردنی یاسای چاکسازی هێڵدراوەتەوە بۆ دوای لووتکەی ناتۆ و گوتی: "ئەمە ڕەوشێکی مەترسیدارە و بەو مانایەیە، کە دەوڵەتی تورکیا چاوەڕێی دەرەنجامی لووتکەکە دەکات، ئەگەر پشتگیریی ناتۆ بەدەست بهێنێت، واز لە چارەسەری کێشەی کورد دێنێت و دووبارە شەڕ هەڵدەگیرسێنێتەوە".
مستەفا قەرەسوو پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ئەنقەرە و هاوپەیمانانی کرد و ڕایگەیاند: "کوردی ئێستا کوردی پێشوو نییە و چیتر بە قوربانیکردنی کورد لە پێناو بەرژەوەندیی ئەواندا وەک ڕابردوو ئاسان نابێت".