لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژاڤای کوردستان، هاوڵاتییان، مامۆستایان و خوێندکاران بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی سوریایان سەرکۆنە کرد، کە خوێندنی زمانی کوردی بۆ تەنیا سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کەمکردووەتەوە، و داوای گەرەنتیی دەستووری بۆ پاراستنی زمانەکەیان دەکەن.
دەلیل دۆغان، مامۆستای زانکۆ، لە میانەی گردبوونەوەکەی شاری قامیشلۆدا ڕایگەیاند، ماوەی 12 ساڵە کوردی بووەتە زمانی سەرەکیی خوێندن لە ڕۆژاڤای کوردستان و ئەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە ئاستەنگ لەبەرامبەر پەرەسەندنی زمانی کوردیدا دروست دەکات.
مزگین حەسەن، مامۆستا لە ڕۆژاڤای کوردستان، ڕەخنەی لە وەزارەتی پەروەردەی سوریا گرت، کە زمانی عەرەبی بەسەر نەوەیەکدا دەسەپێنێت، کە 12 ساڵە بە زمانی کوردی خوێندوویانە، و جەختی کردەوە کە دەبێت زمانی کوردی بە فەرمی لە دەستووری نوێی سوریادا دانی پێدا بنرێت.
ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییە دوای ئەوە هات، لە 27ی مانگی ڕابردوودا وەزارەتی پەروەردەی سوریا بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ڕۆژاڤای کوردستاندا تەنیا بۆ سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا سنووردار کرد.