بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە شاری کەرکوک، شوێنەکانی فڕێدانی خۆڵ و خاشاک بوونەتە سەرچاوەی سەرەکیی پەیداکردنی بژێوی ژیان بۆ بەشێک لە هاوڵاتییان، گەنجان و دەیان منداڵی شارەکە.
ڕۆژانە دەیان منداڵ و گەنج روو لە شوێنەکانی کۆکردنەوەی خاشاک دەکەن بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی کارتۆن و پلاستیک، کە لە ڕێگەی فرۆشتنەوەیانەوە بڕی پێنج تا شەش هەزار دیناری ڕۆژانە پەیدا دەکەن بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکانیان.
لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، ڕزگار بابان، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران ڕایگەیاند، هاتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ کەرکوک، گوشارێکی زۆری لەسەر بازاڕی کار دروستکردووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە نێو دانیشتووانی شارەکەدا.