ئەندامێکی مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) جەخت دەکاتەوە کە ئێران لە ڕووی سەربازییەوە توانای هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هێزەکانیانی نەبووە، تورکیا هاوکاری هەواڵگری و نیزامی پێشکەشی تارانی دەکرد.
سیامەند موعینی، ئەندامی مەجلیسی پژاک لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە هێزە ئاسمانییەکانی ئێران توانای ئەوەیان نەبوو هێرشی ئاسمانی دژ بە پژاک ئەنجام بدەن، بەو هۆیەوە تورکیا هاوکاری دەکرد و وەک موعینی دەڵێت: "چەندین بەڵگە هەن کە تورکیا هاوکاریی سەربازی و هەواڵگریی ئێرانی کردووە.
لەبەر ئەوەی هێزی ئاسمانیی ئێران توانای ئەوەی نەبوو لە ئێمە بدات، یارمەتیی لە تورکیا وەردەگرت و تورکیاش بە تەواوەتی یارمەتیدەری ئێران بوو. لە ئەنجامی ئەو هێرشە ئاسمانییانەدا، بە دەیان هەڤاڵی ئێمە شەهید و بریندار بوون، تەنانەت ڕووداوێک ڕوویدا کە خۆشم ئامانج بووم، بەڵام بەهۆی ڕێکارە ئەمنییەکانمانەوە هەوڵەکەیان شکستی هێنا."
ئەندامەکەی مەجلیسی پژاک ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەڕای ئەوەی پژاک دوژمنی سەرەکیی خۆی بە ڕژێمی ئێران دەزانێت و شەڕی تورکیای نەکردووە، بەڵام ئەنقەرە بەردەوام یارمەتیی ئێرانی داوە. ناوبراو ئاشکراشی کرد کە لە دوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دیالۆگ لە ناوخۆی تورکیا، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی تورکیا بۆ سەر پژاک وەستاون.