بههۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەڕاستەوە، کەشوهەوای هەرێمی کوردستان ڕوو لە ناجێگیری دەکات و لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا بارانبارین تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە.
شەپۆلەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە نمەباران، بارانی مامناوەندی پچڕپچڕ و هەورەبروسکە لە دهۆک و ئیدارەی گەرمیانەوە دەست پێ دەکات و لە کاتەکانی ئێوارەشدا بە لاوازی لە ناوچە شاخاوییەکاندا بەردەوام دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت لە ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا کەشە پایزییەکە فراوانتر ببێت و سبەینێ بەیانی لە دهۆک و سۆران، و دوای نیوەڕۆش لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە ببارێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم شەپۆلەدا، پلەکانی گەرما لە سەرانسەری هەرێمدا یەک تا دوو پلەی سیلیزی نزمتر دەبنەوە. لەم ماوەیەدا، ئیدارەی گەرمیان بە ٣٤ پلەی سیلیزی بەرزترین پلە و حاجی ئۆمەران بە ٢٠ پلەی سیلیزی نزمترین پلەی گەرما تۆمار دەکەن، هەروەها لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆکیش پلەکانی گەرما لە نێوان ٢٨ بۆ ٣٠ پلەی سیلیزیدا دەمێننەوە.